...
...

دانیشتوانی ئیستەنبوڵ گوڵ دەخۆن

دانیشتوانی ئیستەنبوڵ گوڵ دەخۆن

لەئەنتاڵیا جۆرە گوڵێک بەرھەم دەھێنرێ‌و دانیشتوانی ئیستەنبوڵیش ئەم گوڵە دەخۆن‌و خواستی زۆریشی لەسەرە.

کۆمپانیای ئەروست لەشاری ئەنتاڵیا جۆرە گوڵێکی بەرھەمھێناوە کە مرۆڤ دەتوانێ بیخواو لەریستۆڕانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵ مشتەرییەکی باشی ھەیە. بەشێک لەو گوڵانە بۆ رازاندنەوەی ساسەکان‌و بەشێکی دیکەیشیان بۆ رازاندنەوەی خواردنەکان بەکاردەھێنرێن‌و لەرێستۆرانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵدا بازاریان زۆر گەرمە.

بەرێوەبەڕی کۆمپانیای ئەروست مستەفا ئەروست بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووه‌، "لەبواری کشتوکاڵدا ھەمیشە سەرقاڵی ئافراندنی بەرھەمی نوێین و لە ساڵی 1998وە دەستیان بە وەبەرھێنانی گوڵی (مارولەری ئاقدەنیز) کردووە، دواتر خۆیان بە وەبەرھێنانی سەوزەواتی دیکەوە سەرقاڵکردووە."

مستەفا ئەروست وتی، "بەشێکی زۆری بازاڕی تورکیا سەوزەواتی ناوچەی قەرەدەنیز ناناسێت، بۆیە ئێمە دەستمان بە وەبەرھێنانی چەندین جۆرە سەوزەواتی ناوچەی قەرەدەنیز لە ئانتاڵیا کرد و ئەو بەرھەمانەمان روانەی بازارەکانی تورکیا کرد."

لە بارەی وەبەرھێنانی ئەو جۆرە گوڵەوە کە بۆ خواردن دەشێ، مستەفا ئەروست رونیكرده‌وه‌ كه‌ ژمارەیەکی زۆر لەچێشتلێنەرانی دەروەی تورکیا داوایانکرد جۆرە گوڵێک بەرھەم بھێنرێ کە مرۆڤ بتوانێ بیخوات، ئێمەش لەسەر ئەو داوایە پێش پێنج ساڵ دەستمان بە وەبەرھێنانی جۆرە گوڵێک کرد کە دەخورێت.

مستەفا ئەروست رایگەیاند، "لەدەرەوەی تورکیا ژمارەیەک زۆر چێشتلێنەر و پرسیاری ئەو جۆرە گوڵانەیان دەکرد کە لەلایەن مرۆڤەوە دەخورێن، بۆیە منیش دەستم بە ڵێکۆڵینەوە لە سەر ئەو جۆرە گوڵانە کرد، دواتر لە ھۆڵەنداوە تۆی ئەو گوڵانەم ھێنا و دەستم بە وەبەرھێنانیان کرد. سەرەتا یەک جۆرە گوڵم تاقی کردەوە، بەڵام ئێستا شەش جۆرە گوڵ وەبەردەھێنین."

ئەروست لە بارەی نرخی ئەو گوڵانەوە وتی، "نرخی ھەر یەک لەو گوڵانە 40 تا 50 قوروشەو تەنیا لەرێستۆرانتە ناودارەکانی ئیستەنبوڵدا دەفرۆشرێن. بەھۆی نرخەکەیانەوە لە مارکێتەکان دەست ناکەون، لە سەر داواکاری رێستۆرانتەکان دەست بە وەبەرھێنانی ئەو جۆرە گوڵانە دەکەین."

بەڕێوبەری کۆمپانیای ئەروست ئاماژەی بەوەش کرد نرخی یەک گوڵ بە ئەوەندەی نرخی یەک ژەمی خواردنە بۆیە ھەر کەس ئەو جۆرە گوڵانە ناکڕێ‌و بازاڕی ئێمە رێستۆرانتە تایبەتییەکانی ئیستەنبوڵن.

مستەفا ئەروست راشیگەیاند، لەرۆژانی ئاساییدا داواکارییەکی ئەوەتۆ لەسەر کڕینی ئەو گوڵانە نیە، بەڵام لەرۆژانی جەژن، سەری ساڵ و رۆژە تایبەتییەکاندا رێژەی داواکاری بۆ ئەو جۆرە گوڵانە یەکجار زۆرە.

لە رۆژانی جەژنی قورباندا تەنیا یەک ھۆتێلی ئانتاڵیا داوای شەش ھەزار گوڵی لەو جۆرەی کرد. داواکارییەکان لەئاستێکدان کە زۆربەی جاران ئێمە ناتوانین ھەمووی ئەو داواکارییانە بەجێ بگەیەنین.

لەبارەی جۆری ئەو گوڵانەوە ئەر‌وست ئاماژه‌ی‌ بۆئه‌وه‌كرد كه‌ ئەو گوڵانە کە دەخۆرێن چەندین جۆرن، گوڵی پیاز کە تامی پیاز دەداو لەنێو شۆربا و ساندەویچەکاندا بەکار دەھێنرێ. گوڵی لاتین، جۆرەیەک لەو گوڵانەیە کە گوڵ و پەلکەکانی دەخۆرێن، لەبەرئەوەی تامی ئەو گوڵە توندە لە نێو سەڵاتەکاندا بەکار دەھێنرێ. مۆر ڤیۆلا، جۆرە گوڵێکە بە ھۆی خۆشی تامی خۆیەوە بۆ رازاندنەوەی خواردن و سەڵانەکان بەکار دەھێنرێ. گوڵی کوولەکە، جۆرە گوڵێکە لە لایەن خەڵکەوە ناسراوە و بۆ دروستکردنی دۆڵمە بەکار دەھێنرێ. گوڵی کارەبا، جۆرە گوڵێکە لکاتی خواردنی، وەک کارەب تەزووی ھەیە بە زمان و لچی خەڵکەوە دەدا و لە نێو خەڵکدا ناوودەنگێکی زۆر باشی دەرکردووە. گوڵی سەڵاتە، جۆرە گوڵێکە کە بە ھۆی بۆن و تامەکەیەوە تەنیا بۆ دروست کردنی سەڵاتە بەکار دەھێنرێ.

سلاید شۆ